کتێبی ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا و كورد
کتێبی ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا و كورد
(ئایندەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکاو کورد “ئایا کوردستان دەبێتە کۆڵۆنییەکی ئەمەریکیی؟)، ساڵی چاپ (٢٠١٠) -رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، هەردوو ژمارە (٨٥٧١-٨٥٧٢)، رۆژی (٢٦/١/٢٠٢٢).
سۆران نه‌جمه‌دین
پێشه‌كی
دیاره قسه‌كردن سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی كورد و ئه‌مریكا كارێكی هێنده ئاسان نییه، به تایبه‌تی ئه‌مریكا له خۆرڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رنامه و ستراتیژی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه له هه‌وڵی چه‌سپاندن و پراكتیزه‌كردنی كار و پڕۆژه و ئایندهی خۆیدایە له ناوچه‌كه‌دا.
مه‌سه‌له گرنگه‌كان به‌لای واشنتۆنه‌وه
ئه‌مریكا به‌وردی و وریاییه‌كی زۆره‌وه ده‌ڕوانێته ناوچه‌كه و ئه‌وه‌ی زۆریش گرنگه له‌لای، زانینی داهاتووی وڵاتانی وه‌كو ئێران و كۆریای باكوور و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمه له‌و وڵاتانه، ئه‌مه چ جای كێشه و قه‌یرانه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و هه‌روه‌ها ململانێی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و حزبوڵڵا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا، پاشان كێشه‌ی دارفۆڕ و وڵاتانی دیکەی ناوچه‌كه دێت، به نموونه په‌یوه‌ندیی نێوان توركیا و ئیسرائیل و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی سوریا و میسر و وڵاتانی تری عه‌ره‌ب له‌گه‌ل ئیسرائیل‌دا.
ئه‌مریكا له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه، چاودێریی وردی بارودۆخی ئێران و كۆریای باكوور ده‌كات، ده‌یه‌وێت ئاكام و پێشهاته سیاسییه‌كانی ئایندهی خۆرڵاتی ناوه‌ڕاست به‌پێی ویست و ستراتیژ و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دایناوه به‌ڕێوه‌بچێت، له هه‌مووشی گرنگتر پایه و به‌هێزی و ره‌فتاری ئه‌مریكا به‌ستراوه‌ته‌وه به باشی و پته‌و راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر به ئه‌م وڵاتانه. چونكه زۆرجار په‌یوه‌ندییه‌كان به هۆی پێشهاتی نوێ و بارودۆخی نوێوه ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش زۆرجار هاوكێشه سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه په‌یوه‌ندیی كورد و ئه‌مریكا یان ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیسته عه‌ربه‌كان زۆرجار ناوی لێ ده‌نێن ئیسرائیلی دووه‌م بۆ ئه‌مریكییه‌كان، زێاتر شایه‌نی قسه‌له‌سه‌ركردن و دیالۆگی جیدی و پتر له رامانێك هه‌ڵده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سه‌ره دا‌و و تاڵه ده‌زووه‌كانی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بدۆزینه‌وه و دواتریش شرۆڤه و شیكاری ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین.
(1)
په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌مریكا له نێوان هه‌ڵكشان و داكشاندا هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندیی كورد و ئه‌مریكا مێژوویه‌كی دوور و درێژی نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئاڵوز و پچڕپچڕه له ماوه‌ی ساڵانی سه‌ده‌ی بیستدا هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆوه بینیووه، به هۆی بارودۆخی سیاسی و ناوچه‌ییه‌وه. ئێمه لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین له روانگه‌ی كتێبی (ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا و كورد)ه‌وه، تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه.
ئه‌م كتێبه له نووسینی لێكۆڵه‌ر و ئاكادیمیست و مامۆستای پێشوی زانكۆی تۆرنتۆی كه‌نه‌دا (دكتۆر عوسمان عه‌لی)یه و له وه‌رگێڕانی (به‌رزانی مه‌لا ته‌ها)یه، كه له زمانی عه‌ربیه‌وه كردوێتی به كوردی و له 2010دا چاپ كراوه.
وه‌رگێڕ له‌و پێشه‌كییه‌ی بۆ كتێبه‌كه‌ی نووسیووه، باس له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان كورد و ئه‌مریكا ده‌كات، ده‌ڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، كاتێك واشنتۆن رێگه‌ی به جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد دا نوێنه‌رایه‌تی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت له ئه‌مریكا، له راستیدا زۆرجار ئێران نێوه‌ندكار بووه له دروستبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه و هه‌روه‌ها رێكخستنی.
دكتۆر عوسمان عه‌لی له باره‌ی یارمه‌تی و هاوكاری ئه‌مریكا بۆ بزاڤی رزگاریخوازی كورد له رێگه‌ی شای ئێرانه‌وه، ده‌ڵێت: حكومه‌تی ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندیی نیشاندا بۆ كۆمه‌ك كردنی جووڵانه‌وه‌ی كورد به رێبه‌رایه‌تی بارزانی دژبه رژێمی عیراق به پێی خواستی شای ئێران و له ماوه‌ی ساڵانی 1972_1975، هنری كیسنجه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له یاداشته‌كانیدا به ناوی (ساڵانی كۆشكی سپی) ده‌ڵێت: «كۆمه‌ك كردنی بارزانی سیاسه‌ت یاخود ده‌سپێشخه‌رییه‌كی ئه‌مریكا نه‌بوو، وه‌لێ ئامانج لێی رازیكردنی هاوپه‌یمانیی هه‌رێمی بوو، كه هه‌ستی به مه‌ترسی ده‌كرد له‌لایه‌ن رژێمی عیراق. ئه‌م پشتگیرییه داراییه كاتییه‌ی كه پێشكه‌ش به كورد كرا له‌لایه‌ن ئاژانسی هه‌واڵگری ئیسرائیل (موساد) و هه‌واڵگریی ئێرانی (ساواك)ه‌وه. كه به‌شێك بوو له «سیاسه‌تی پشت ئه‌ستوور به هێز كه تایبه‌تمه‌ندی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌مریكا بووه له‌ژێر سایه‌ی ئیداره‌ی نیكسۆن و كیسنجهردا».
«ده‌یڤد كۆرن»ی دیپلۆماتكاری ئه‌مریكی، وه‌سفێكی تێر و ته‌سه‌لی سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی شا له‌گه‌ڵ بارزانی و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكادا كردووه، به‌وپێیه‌ی رێكه‌وتنه‌كه له‌لای شا و ریچارد هێڵمز موفاجه‌ئه بوو، هێڵمز باڵیۆزی ئه‌مریكا بوو له ئێران و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئاژانسی هه‌واڵگریی ئهمریكابووه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كورد و ئه‌مریكا له رێگه‌ی ئێرانه‌وه به راگرتنی كۆمه‌ك و هاوكاری له‌لایه‌ن تارانەوە به كۆتا هات، ئه‌مه‌ش له مارتی 1975دا کاتێک شای ئێران له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن رێكه‌وتنی جه‌زائیریان ئیمزاكرد، به ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه سنوورییه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان، به‌م شێوه‌یه‌ش رێكه‌وتنه‌كه كۆتایی به نزیكه‌ی نیو سه‌ده شۆڕشی كورد هێنا.
هێڵمز كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسه باڵاكانی ئێران كۆبۆوه سه‌باره‌ت به ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به گه‌ڕانه‌وه‌ی شا له جه‌زائیر، زانی یاریده‌ده‌رانی شا هیچ زانیارییه‌كیان نه‌بووه، به‌ڵكو وه‌ك شا حه‌په‌ساون، شا ده‌ستبه‌جێی له فڕۆكه‌كه‌ی دابه‌زی و یه‌كسه‌ر بڕیاریدا به راگرتنی سه‌رجه‌م كۆمه‌كه دارایی و سه‌ربازییه‌كان بۆ كورد، ئه‌ویش به داخستنی سنووری نێوان ئێران و عیراق.
شا خۆی داوای له واشنتۆن نه‌كرد پاڵپشتی بكه‌ن، له راگرتنی كۆمه‌ك بۆ كورد.
به‌ڵام ئامانجی ئه‌مریكا له پاڵپشتیكردنی شۆڕشی كورد به‌شێك بوو له سیاسه‌تی جیهانی ئه‌مریكا، به ئامانجی به‌گژداچوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی سۆڤێت له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تی ئه‌وكات عیراق په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سۆڤێت هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به ئاشكرا له یاداشته‌كانی كیسنجهردا ده‌رده‌كه‌وێت. ئامانج له پاڵپشتی كردنی كورد بریتی بوو لهسهرنخوونكردنهوهی رژێمی به‌عس و كه‌مكردنه‌وه‌ی جێ پێی سۆڤێت له عیراقدا.
له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 1972دا ئیسرائیلییه‌كان كۆمه‌كی گه‌وره‌ی مانگانه‌یان ده‌دا به بارزانی، كاتێكێش ئه‌مریكا پشتگریی له‌م ده‌سپێشخه‌رییه كرد، وه‌ك هه‌نگاوێكی پێویست بۆ به‌رگرتن له ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت له عیراقدا. به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا CIA، سۆڤێت هانی بارزانی و كوردی دا تا بچنه نێو به‌ره‌ی نیشتیمانییەوە كه شیوعی و ناسری و كوردی له‌خۆ ده‌گرت، له‌ژێر سایه‌ی حزبی به‌عس دا، له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1972دا چەند راپۆرتێك هاتنه ئاراوه سەبارەت بە هاوپه‌یمانی نێوان سۆڤێت و عیراق و میسر، دواتر راسته‌وخۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و CIA به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خۆپارێزیی له بزووتنەوەی كورد، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ك نه‌كردنی ئێران یاخود ئیسرائیل.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان كورد و ئه‌مریكا له هه‌ڵكشان و داكشان دا بوو، تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، بێگومان ئه‌مریكا هه‌میشه ویستووێتی وه‌ك زلهێزێكی جیهانی سوود له هه‌موو نه‌ته‌وه و لایه‌ن و هێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ربگرێت، لەو پێناوه‌شدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و ئامانجه‌كانی خۆی به‌كاریان بهێنێت، كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه و هێزێكی دیار و ئاڕاسته‌كراو له هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، روڵی كارای هه‌بووه، بۆیه له حاڵه‌تی له‌و جۆره‌دا ته‌نانه‌ت هه‌ردوولا كورد و ئه‌مریكا پێویستیان به یه‌كتر بووه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مریكا دۆستێكی به‌وه‌فا نه‌بووه، وه‌كو كورد چاوه‌ڕوانی لێی ده‌كرد. بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كان له‌م ئاستانه‌دا خولاونه‌ته‌وه و هیچ كات نه‌چوونه‌ته مه‌ودایه‌كی درێژخایه‌نه‌وه، تا هه‌ردوولا و به تایبه‌تی كورد، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك سوودی پێویست له هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرێت، بۆ داهاتوویه‌كی باشتر.
(2)
پرسی دامه‌زراندنی بنكه‌كانی ئه‌مریكا له كوردستان
به‌رپرسانی كورد به‌بێ ماندووبوون، به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، هه‌وڵیانداوه هاوسۆزیی خۆرئاوا به‌لای كێشه‌ی كورددا كێش بكه‌ن، بۆ نموونه له ساڵی 1930دا تۆفیق وه‌هبی به‌گ هانی حكومه‌تی به‌ریتانیای دا عیراق بهجێبهێڵن و كورد نه‌خه‌نه ژێر چنگۆڵه‌ی ناسیۆنالیستانه‌ی عه‌ره‌به‌وه، كه دژ به كورد بوون، به‌ڵام دوای چه‌ند مانگێك پێشبینییه‌كه‌ی وه‌هبی هاته‌دی له كۆمه‌ڵكوژیی راپه‌ڕینی به‌رده‌ركی سه‌رای ساڵی 1930دا له شاری سلێمانی.
ساڵی 1971دا نائومێدیی دووچاری بارزانی بۆوه، دوای هه‌وڵی تێرۆركردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه، به‌جۆرێك به رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مریكی راگه‌یاندبوو: ئاماده‌یه كوردستان بكاته ویلایه‌تی په‌نجا و یه‌كه‌می ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها كێڵگه نه‌وتییه‌كانیش به كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ببه‌خشێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مریكا پشتگیریی خواسته‌كانی كورد بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئۆتۆنۆمی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردی عیراق له رابردوودا، هه‌میشه چاویان له ده‌ستی ئه‌مریكا بووه بۆ یارمه‌تیدانیان، تا راپه‌ڕینی ساڵی 1991، كه تێیدا واشنتۆن ره‌زامه‌ندیی نیشاندا به پشتگیریی كورد له عیراق و بنكه‌ی ئهنچهرلیكی له توركیا بۆ پشتگیریكردنی كوردی عیراق دامه‌زراند. هه‌روه‌ها له ساڵی 2003دا جارێكی دیکە ئه‌مریكا هاوكاریی كوردی كرد، له رووخاندنی رژێمی به‌عس له عیراقدا. بۆیه ئه‌م هاوكاری و یارمه‌تیدانه دووقۆڵییه مایه‌وه تا ئه‌وكاته‌ی پڕۆتۆكۆلی ئه‌منیی له نۆڤه‌مبه‌ری 2008دا له نێوان ئه‌مریكا و عیراقدا به سه‌ركردایه‌تی جۆرج ده‌بلیو بۆش و نوری مالیكی ئیمزاكرا. ئه‌م پڕۆتۆكۆلهش باس له «هاوكاری ستراتیژیی» نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كات له هاوكاری بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و بواری دیپلۆماسی و فه‌رهه‌نگی و ئه‌منیی.
چه‌ند راپۆرتێك له راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا و كوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی له 2008 بڵاوبوونه‌وه، سه‌باره‌ت به گونجاوبوونی بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له كوردستان، راپۆرته‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و گێڕانه‌وه‌یه‌كی زیاده‌ڕۆیانه، به‌تایبه‌تی له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی عه‌ره‌بیدا بڵاوكرانه‌وه، به ئامانجی تووندكردنه‌وه‌ی ته‌وژمی تێڕوانینه كلاسیكییه‌كان كه عه‌ره‌ب و لایه‌نه‌كانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵیان گرتووه، به‌وه‌ی كوردستان ده‌بێته كۆلۆنییهكی ئه‌مریكی، واته ئیسرائیلی دووه‌م له خۆرڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه دواوه و بڕوانینه ئه‌دای پێشتری حكومه‌ته‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌وا واشنتۆن له زۆرێك له‌و ناوچانه‌ی داگیری كردوون یان سوپای تێدا جێگیركردووه، راشكاوانه رایگه‌یاندووه ده‌ستبه‌رداری هیچ خاكێك نابێت بێ ئه‌وه‌ی جێ پێی هه‌میشه‌یی له‌و ناوچانه‌دا قایم نه‌كات. ئه‌و هه‌ڵوێسته له گوانتانامۆ له كوبا و هه‌روه‌ها له ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان و له فلیپین به روونی بینرا، هه‌روه‌ها له كۆریا له دوای جه‌نگی كۆریاکان و له كه‌نداو له دوای جه‌نگی كه‌نداو له 1991، كه واشنتۆن له سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه و له دوای سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی تێیاندا هێزی جێگیر كرد.
بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له كوردستان
هه‌ربۆیه هه‌ندێك فاكته‌ر هه‌ن كه پشتگیریی له دامه‌زراندنی بنكه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌مریكا له كوردستاندا ده‌كه‌ن، به‌پێی هه‌ندێك له چاودێرانی خۆرئاوا، كوردی عیراق تاکه پێكهاته‌ی سیاسیی وڵاتن، كه بهدڵسافییهوه پشتگیریی له ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، پێشمه‌رگه‌ش پتر متمانه‌ی پێ ده‌كرێت له‌هه‌ر هێزێكی دیكه‌ی عیراق. چونكه شاره‌زاییه‌كی بایه‌خداریان هه‌یه، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی گرنگه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌مریكا له جه‌نگی دژ به قاعیده و رێكخراوه تیرۆرستییه‌كان.
له‌باره‌ی دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له كوردستان، بارزانی وتبووی: «هه‌نووكه هه‌موو هه‌وڵه‌كان له ئارادان بۆ واژووكردنی پڕۆتۆكۆڵه‌كه، به‌ڵام گه‌ر واژوونهكرێت و ئه‌مریكا داوای مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له كوردستاندا بكات، پێموایه په‌رله‌مان و گه‌ل و حكومه‌تی كوردستان به گه‌رم و گوڕییه‌وه پێشوازی لێده‌كه‌ن».
ئه‌م وته‌یه‌ی له ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژیی ئه‌مریكا له واشنتۆن پێشكه‌ش كردبوو، هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی له ناوه‌نده سیاسییه‌كانی عیراقدا نایه‌وه. هه‌وادارانی موقته‌دا سه‌در ره‌خنه‌یان له وته‌كه‌ی بارزانی گرت، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی په‌رله‌مانتارانی عیراقیش داوایان له بارزانی كرد پۆزش بهێنێته‌وه، ئه‌و هه‌ڕه‌شه و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی عیراق نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن کە ئه‌وان هیچ كات نه‌یانه‌وێت كورد سه‌ربه‌خۆبێت و ئاڵا‌و وڵاتی خۆی هه‌بێت.
له‌به‌رئه‌وه، پێیان ناخۆشه كه بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی له كوردستان دابمه‌زرێت، چونكه پێیانوایه ئه‌مجۆره هه‌نگاونانه دواجار به زیانی ئه‌وان كۆتایی دێت، دكتۆر مه‌حمود عوسمان به په‌یامنێری كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی راگه‌یاندبوو كورد پێشوازیی له بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له كوردستان ده‌كه‌ن، چونكه ئاسایش و مانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زامن ده‌كات. جودیس میلله‌ر له رۆژنامه‌ی (وۆل ستریت) نووسیووێتی: «زۆرینه‌ی ئه‌و میوانانه‌ی كه به كوردستاندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌وڵه‌ت لێی ده‌ڕوانن».
له‌به‌ر ئه‌وه بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له كوردستان ده‌مێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له به‌شه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاست.
له واشنتۆن وا ده‌ڕواننه كوردستان وه‌ك شوێنێكی دیار بۆ (دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی) هێزه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ر سیناریۆیه‌كی پاشه‌كشه. دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی له كوردستان، بیرۆكه‌ی هه‌ریه‌كه له جه‌لال تاڵه‌بانیی و مه‌سعود بارزانییه، تاڵه‌بانی ئه‌م پێشنیازه‌ی خسته به‌رده‌م جۆرج دەبلیو بوش-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له سه‌روبه‌ندی كۆتا سه‌ردانیدا بۆ كۆشكی سپی.
جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی پاراستنی سنووری هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌ی (اخبار الخلیج) ده‌ڵێت: «بوونی سه‌ربازی ئه‌مریكا له كوردستاندا، مایه‌ی خۆشحاڵییه و پێویسته بۆ پارستنی عیراق، له هه‌ر مه‌ترسییه‌كی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی، هه‌روه‌ها پێویسته بۆ پارستنی ناوچه‌كه، به‌ڵام ئه‌و بوونه پێویسته له چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنی عیراقی و كوردیی و ئه‌مریكیدا بێت.
(3)
مه‌ناره‌ی دیموكراسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
كورد پشتگیری ئه‌مریكا ده‌كات بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. پرسی دیموكراسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له پێشه‌نگی سیاسه‌تی كۆشكی سپی بوو له سه‌رده‌می سه‌رۆك بوش و زۆرێك له كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌كه‌ی پێیان وابوو كوردستانی عیراق ده‌كرێت سوودی هه‌بێت به‌و پێیه‌ی نموونه‌یه‌كه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی سیكۆلار له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێش دوو ساڵ له‌رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن، كارۆل ئۆریلیی، خانمه لێكۆڵه‌ر له زانكۆی ئه‌مریكی بۆ ئاشتی جیهانیی، كوردستانی عیراقی به «بۆته‌قه‌ی دیموكراسیی نموونه‌یی عیراقی دوایی سه‌دام وه‌سفكرد»، هه‌ریه‌كه له سیڤێركهر ئۆریدسۆن مێژوونووس له زانكۆی لۆند و سیاسه‌تمه‌داری سویدی ئۆلییه شمیت، رایانگه‌یاندبوو كوردستان مه‌ناره‌ی دیموكراسییه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
هه‌وادارانی سه‌ربه‌خۆیی كوردیش له ئه‌مریكا، ده‌ڵێن، ناسه‌قامگیریی له هه‌موو به‌شێكی عیراقدا هه‌یه، كوردستان نه‌بێت.
دیپلۆماتكاری پێشووی ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پیته‌ر گاڵبرێس، پێوایه عیراقی دوای پاشه‌كشه‌ی ئه‌مریكا: خاكێكی دابه‌ش بوو ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌زیی بۆ دوو ده‌وڵه‌ت: عه‌ره‌بی و كوردی.
له‌به‌ر ئه‌م فاكته‌رانه، ناوه‌نده‌كانی بڕیار له ئه‌مریكا دامه‌زراندنی بنكه‌ی هه‌میشه‌یی له كوردستان به‌دوور نازانن، كوردیش خۆشحاڵن، ئه‌و بنكانه وه‌ك به‌شێك له سیاسه‌تی ئه‌مریكا له عیراقدا دوای 2011 دیاری بكرێت، وێڕای ئه‌مه‌ش ئه‌مریكا، دڕدۆنگیی توركیای له‌م بواره‌دا پشتگوێ نه‌خستووه، ئەگه‌ر بێت و دامه‌زراندنی ئه‌و بنكانه دژبێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه به‌رفراوانه‌كانی ئه‌مریكا له توركیادا، ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا ده‌خاته‌پێش كوردستانه‌وه. هه‌رچه‌نده دامه‌زاندنی ئه‌و بنكه سه‌ربازییانه بێ گێرمه و كێشه و گرفت نییه، بۆ خودی ناوچه‌كه كه كوردستانه.
هه‌ربۆیه زۆرێك له نووسه‌ران و چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه دانانی ئه‌و بنكانه‌ی ئه‌مریكا ته‌نها بۆ فراوانبوون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییەکان و په‌ره‌پێدانی كۆمپانیا و بزنسمانه‌كانی ئه‌مریكایه، هه‌روه‌ها بۆ پارستن و فراوانكردنی ئیمپراتۆرییهكهیهتی له جیهاندا.
(4)
كوردستان ده‌بێته ئیسرائیلی دووه‌م بۆ ئه‌مریكا؟
هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندیی كورد و ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، بەڵام هیچ كات ئه‌م په‌یوه‌ندییه وای له ئه‌مریكا نه‌كردووه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ و پراكتیكی پشتگیریی له ماف و بوونی كورد بكات، پشتگیریی و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بووه له ناوچه‌كه. واتا هاوكاری و پشتیوانی بۆ كورد به ئه‌ندازه‌ی سوود و به‌رژه‌وندییه‌كانی خۆی بووه، هه‌ركاتیش به‌رژه‌وه‌ندیی له‌وه‌دا نه‌بووبێت، یارمه‌تی و پشتگیرییه‌كه‌ی له كورد بڕیوه و بێ پشت و په‌نا جێی هێشتوون، وه‌ك له رێكه‌وتنی جه‌زائیری نێوان ئێران و عیراقدا بینیمان.
هه‌موو ئه‌مانه راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گرن، بۆیه ئه‌و گریمانه‌یه زۆر لاوازه گه‌ر پێمان وابێت كوردستان هه‌روا به ئاسانی ده‌بێته ئیسرائیلی دووه‌م له ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌مریكییه‌كان، چونكه هیچ كاتێك كوردستان ئه‌و سه‌نگ و قورساییه‌ی نییه كه ئیسرائیل پێشكه‌شی ئه‌مریكای كردووه. كورد له‌ڕووی ئابوورییه‌وه له‌ناو ئه‌مریكا سه‌نگ و قورسایی نییه تا بتوانێت له ریگه‌ی سه‌نته‌ره بازرگانی و ئابووری و كۆمپانیاكانییه‌وه گوشار و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئابووری و داموده‌زگاكانی ئه‌مریكا دروست بكات، له رووی ناوه‌ندی بڕیاریشه‌وه كورد وه‌ك ئیسرائیلییه‌كان بڕیار به‌ده‌ست و كه‌سی كاریگه‌ریان نییه، له ناوه‌ندی بڕیاردانی ئه‌مریكا، تابتوانن كاریگه‌ریی و گوشار بخه‌نه سه‌ر ئیداره‌ی ئه‌مریكا بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێست و بڕیار و كرداریان ئه‌گه‌ر دژ به كورد بێت.
تۆمه‌تێكی به‌تاڵ
ئه‌وه ترسی عه‌ره‌به، كورد ده‌شوبهێنێت به ئیسرائیلی دووه‌م، دیاره ئه‌و په‌یوه‌ندییه زارهكییهی نێوان كورد و ئه‌مریكا، كه له هه‌ندێك بابه‌تدا هاوهه‌ڵوێست و دۆستایه‌تی نیشان ده‌ده‌ن، هه‌مووی له‌پێناوی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایه له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌گه‌رنا تائێستا ئه‌مریكا هیچ كارێكی ئه‌وتۆی گرنگی نه‌كردووه بۆ كوردی عیراق، كه سوودی هه‌بێت بۆیان، به نموونه گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان، كه تائێستا ئه‌مریكا هیچ هه‌نگاوێكی پراكتیكی نه‌ناوه بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی كوردستان.
كورد هه‌میشه بۆته قوربانی ده‌ست و په‌نجه‌ی داگیركه‌ران و زلهێزه‌كان، له‌م رووه‌شه‌وه مێژوو و ئه‌زموونی كاری كورد له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كاندا، ئه‌وه به روونی ده‌سه‌لمێنێت، كورد چۆن بۆته پارووە خۆشه‌ی داگیركه‌ران و زلهێزه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر مه‌حاڵه به‌و بارودۆخه هه‌ستیاره‌ی ئێستای كورد و ناوچه‌كه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێت، لامان وابێت كورد ده‌بێته دووه‌م مه‌زنه هاوپه‌یمانی سیاسیی و ستراتیژی ئه‌مریكا لهناوچهدكهدا.