سەنتەری تاسک ، بەھەماھەنگی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی ، هەڵسا بەئەنجامدانی سیمپۆزیۆمێک بەناونیشانی( هەرێمی کوردستان لەناو گۆڕانکاریەکاندا(دەرفەت و ئاڵنگاری) هەڵبەتە ئەم دیدارە لەدووپانێڵ پێکهاتبوو، پانێڵی یەکەم بەناونیشانی(مەترسییە ناوخۆییەکان لەڕوانگەی لایەنەسیاسیەکان) بەڕێوە چوو، بەئامادەبوونی هەریەک لەبەڕێزان: (د. هێمن هەورامی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و (د. خەلیل ئیبڕاهیم) بەرپرسی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەر یەک لەم بەرێزانە لە سۆنگەی بیروبۆچوونی خۆیانەوە تیشکیان خستەسەر کێشەناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی ناوماڵی کوردو ئامادەکاری بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی بەربەست و کێشەکان.
دواتر پانێڵی دووەم دەستی پێکرد لەژێر ناونیشانی(لێکدانەوەی ئەکادیمیانە بۆ مەترسییەدەرەکییەکان) بەئامادەبوونی هەریەک لەبەڕێزان :د.ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو ڕەوەندی کوردی لەپەڕلەمانی کوردستان و د.زوبێر ڕەسوڵ مامۆستای زانکۆو د.پەروێز مامۆستای زانکۆ، کە بەرێزان بەشێوەیەکی گشتی و لەڕوانگەی ئەکادیمیەوە تیشکیان خستە سەر کێشە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، هەروەها پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ ئەو کێشانە
شایانی باسە لەکۆتایدا، ژمارەیەکی بەرچاو لەمامۆستاو کەسانی ئەکادیمی بەشدارییان تێداکردوو بەپرسیارو تێبینی و سەرنجەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەنترکرد. لە کۆتاییدا لەلایەن سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆ، یاریدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، هەروەها یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری قوتابیان، هەروەها ڕاگری کۆلیژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لۆگۆی زانکۆ و بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بە قسەکەرانی سەرەکی ئەم چالاکیە ئەکادیمیە.




